فەزڵی سەردانی کردنی نەخۆش
سەردانی کردنی نەخۆش یەکێکە لەو کارانەی کەوا ئاینی ئیسلام زۆر بایەخی پێداوە، لەبەر گرنگی ئەم کارەیە چەندەها فەزڵی گەورەی هەیە،
یەکەم: هەر کەسێک سەردانی نەخۆش بکات، سەردانی خوای گەورەی کردووە: خوای گەورە سەردانی کردنی نەخۆشی بە سەردانی کردنی خۆی چواندووە، لە فەرموودەیەکی قودسیدا دەفەرمووێت: ((يَا ابْنَ آدَمَ مَرِضْتُ فَلَمْ تَعُدْنِي، قَالَ: يَا رَبِّ كَيْفَ أَعُودُكَ؟ وَأَنْتَ رَبُّ الْعَالَمِينَ، قَالَ: أَمَا عَلِمْتَ أَنَّ عَبْدِي فُلَانًا مَرِضَ فَلَمْ تَعُدْهُ، أَمَا عَلِمْتَ أَنَّكَ لَوْ عُدْتَهُ لَوَجَدْتَنِي عِنْدَهُ؟))(1) واتە: (ئەی نەوەی ئادەم نەخۆش کەوتم بۆ سەردانیت نەکردم؟ دەڵێت: ئەی پەروەردگارە چۆن سەردانیت بکەم؟ تۆ پەورەردگاری جیهانیانی، دەفەرمووێت: ئایا نەتزانی فڵان بەندەیەم نەخۆش بوو سەردانیت نەکرد، ئەگەر سەردانت بکردایە منت لەوێ دەدیتەوە؟..)
دووەم: فریشتەکان داوای لێخۆشبوونی بۆ دەکەن: پێشەوا عەلی خوای گەورە لێی ڕازی بێت فەرموودەیەکمان لە پێغەمبەرەوە صلى الله علیه وسلم بۆ دەگێڕێتەوە دەفەرمووێت: ((مَا مِنْ رَجُلٍ يَعُودُ مَرِيضًا مُمْسِيًا إِلَّا خَرَجَ مَعَهُ سَبْعُونَ أَلْفَ مَلَكٍ يَسْتَغْفِرُونَ لَهُ حَتَّى يُصْبِحَ، وَكَانَ لَهُ خَرِيفٌ فِي الْجَنَّةِ، وَمَنْ أَتَاهُ مُصْبِحًا خَرَجَ مَعَهُ سَبْعُونَ أَلْفَ مَلَكٍ يَسْتَغْفِرُونَ لَهُ حَتَّى يُمْسِيَ، وَكَانَ لَهُ خَرِيفٌ فِي الْجَنَّةِ))(2) واتە: (هەر کەسێک سەردانی نەخۆشێک بکات لە ئێوارەدا، ئیلا لەگەڵی حەفتا هەزار فریشتە دەردەچن داوای لێخۆشبوونی بۆ دەکەن هەتا بەیانی، وە ئەو کەسە بێستانێکی بۆ هەیە لە بەهەشت، وە هەر کەسێک سەردانی نەخۆشێک بکات لە بەیانیدا لەگەڵی حەفتا هەزار فریشتە دەردەچن داوای لێخۆش بوونی بۆ دەکەن هەتا ئێوارە، وە ئەو کەسە بێستانێکی بۆ هەیە لە بەهەشتدا).
سێیەم: هۆکاری دابەزینی ڕەحمەت و لێخۆشبوونە: یەکێکی تر لە فەزڵەکانی سەردانی کردنی نەخۆش بریتییە لە دابەزینی ڕەحمەت و لێخۆش بوون بۆ ئەو کەسەی سەردانی نەخۆش دەکات، لەفەرموودەیەکدا ئەبو هوڕەیرە خوای گەورە لێی ڕازی بێت بۆمان دەگێڕێتەوە دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: کێ ئەمڕۆ بەڕۆژووە؟ ئەبوبەکر خوا لێی ڕازی بێت ووتی: من، فەرمووی: کێ ئەمڕۆ شوێن جەنازەیەک کەوتووە؟ ئەبوبەکر فەرمووی: من، فەرمووی: کێ ئەمڕۆ خواردنی داوە بە هەژارێک؟ ئەبوبەکر فەرمووی: من، فەرمووی: کێ ئەمڕۆ سەردانی نەخۆشێکی کردووە؟ ئەبوبەکر فەرمووی: من، پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم فەرمووی: ئەم کارانە لە هەر کەسێکدا کۆبێتەوە ئیلا دەچێتە بەهەشتەوە(3)، لە فەرموودەیەکی تردا هاتووە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی: ((من عادَ مريضا خاضَ الرحمةَ فإذا جلسَ عندهُ استَقْنَع فيها ، فإذا خرج من عندهِ خاضَ الرحمةَ حتى يرْجِعَ بيته))(4) واتە: ( هەر کەسێک سەردانی نەخۆش بکات، ئەوا ڕەحمەتی خوای گەورەی بۆ دادەبەزێت لەگەڵ چوونە ژوورەوە بۆ لای نەخۆشەکە، ئەگەر دانیشت لەلای نەخۆشەکە ئەوا ڕەحمەتی خوای گەورە دایدەپۆشێت، وە ئەگەر هاتە دەرەوە لای نەخۆشەکە ئەوا ڕەحمەتی خوای گەورە دادەبەزێت بۆی تا دەگاتە ماڵەکەی خۆی).
چوارەم: هۆکاری خۆشبەختی و بەختەوەرییە: سەردانی کردنی نەخۆش هۆکاری خۆشبەختی و خۆشگوزەرانییە، پێغەمبەری خوای صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: ((مَن عادَ مريضًا ، أو زارَ أخًا لَهُ في اللَّهِ ناداهُ مُنادٍ : أن طِبتَ وطابَ مَمشاكَ وتبوَّأتَ مِنَ الجنَّةِ منزلًا))(5) واتە: هەر کەسێک سەردانی نەخۆشێک بکات، یاخود سەردانی برایەکی بکات لە پێناوی خوای گەورە، بانگکەرێک بانگ دەکات دەڵێت: دوعات بۆ دەکات دەڵێت ژیان خۆش بێت لە دونیا و قیامەتدا، وە ئەو ڕێگایەی گرتوتە بەر ڕێگای ئاخیرەتت بۆ خۆش دەکات، وە شوێنێکت بەدەست هێناوە لە بەهەشت).
پێنجەم: هەست کردنە بە نیعمەتەکانی خوای گەورە بەسەرتەوە: دەگێڕنەوە پیاوێک چوو بۆ لای دایکمان عائیشە خوای گەورە لێی ڕازی بێت پێی ووت: ئەی دایکی ئیمانداران من توشی نەخۆشییەک بووم ئایا هیچ چارەسەرێکت لایە؟ فەرمووی: توشی چ نەخۆشییەک بوویت؟ ووتی: توشی دڵڕەقی بووم، دایکمان عائیشە فەرمووی: خراپترین نەخۆشییە، چارەسەرەکەی ئەوەیە سەردانی نەخۆش بکە، شوێن جەنازە بکەوە، وە پێشبینی مردن بکە ـ واتە وابزانە ئێستا دەمریت ـ (6)، وە هەروەها یەکێک لە پیاوچاکان دەڵێت: لە ژیانتدا یەکجار سەردانی گرتوخانەکان بکە بۆ ئەوەی هەست بە فەزڵی ئازادی بکەیت کە خوای گەورە پێتی بەخشیوە، ساڵانە یەکجار سەردانی دادگاکان بکە بۆ ئەوەی فەزڵی ڕەوشت جوانی و بێوەیی بزانیت کە خوا پێتی بەخشیوە، وە مانگانە یەکجار سەردانی نەخۆشخانەکان بکە بۆ ئەوەی قەدری نیعمەتی لەش ساغی بزانیت،....، كەواتە سەردانی کردنی نەخۆش فەزڵ و چاکەی زۆرە، وە چەند شتێک هەیە پێویستە لەکاتی سەردانی کردنی نەخۆش دا ڕەچاو بکرێت، ئەویش دیاریکردنی کاتێکی گونجاو بۆ سەردانی کردن، کەم مانەوە لەلای نەخۆش، هەروەها دوعا کردن بۆی و دڵدانەوە و بیرخستنەوەی ئارامگری لەسەر نەخۆش چ ئەجر و پاداشتێکی هەیە.
لەکۆتاییدا داواکارم لە خوای گەورە شیفای سەرجەم نەخۆشەکانمان بدات، خوای گەورە ئارامیان پێی ببەخشێت، وە بیکات بە مایەی سڕینەوەی تاوانەکان و بەرزبوونەوەی پلەیان، اللهم آمین.
-----------------------
(1) أخرجه: مسلم (2569).
(2) أخرجه: أبی داود (3098)، وصححه الشیخ الألبانی فی (صحیح الجامع الصغیر) (5717).
(3)أخرجه البخاري في الأدب المفرد (515) و"مسلم" 3/92 و7/110 .
(4)أخرجه البُخَارِي ، في (الأدب المفرد) 522.
(5)أخرجه: الترمذي (2008)، وحسنه الشيخ الألباني في (صحيح الجامع الصغير) (2163).
(6) بستان الواعظين ورياض السامعين 146.
|