بەرهەمی نوسراو

ئەوانەی حەجیان بە نسیب نەبووە چۆن لەو پاداشتە گەورەیە بێبەش نەبن ؟

ئەگەرچی فەریزەی حەج هەموو باوەڕدارێكی راستەقینە لەسەریەتی جێبەجێی بكات ئەگەر  توانای هەبوو، بەڵام لەهەمان کاتدا هەموو موسڵمانێك دەتوانێت لە پاداشت و ئەجری ئەو عیبادەتە گەورەیە بێبەش نەبێت ئەگەر هاتوو حەجی  لە دەست چوو یاخود بە نسیب نەبوو یاخود عوزری شەرعی هەبوو ....هتد، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو فەریزەی حەججە و بێبەش نەبوونی لەو ئەجر و پاداشتە گەورەیە بەگرتنەبەری ئەم خاڵانەی خوارەوە دەبێت:
1-  نیەت پاكی بۆ خودای گەورە:
 ئەگەر نیەتی چوون بۆ حەج هەبێت (إن شاء الله) و راستگۆ بێت لەگەڵ ئەو نیەتەیدا، خودای گەورە لە سەر ئەو نییەتەی پاداشتی گەورەی دەداتەوە، پێغەمبەری خودا صلى الله علیه وسلم دەربارەی ئەو جۆرە نیەتە دەفەرمووێ: ((مَنْ أَتَى فِرَاشَهُ، وَهُوَ يَنْوِي أَنْ يَقُومَ فَيُصَلِّيَ مِنَ اللَّيْلِ، فَغَلَبَتْهُ عَيْنُهُ حَتَّى يُصْبِحَ، كُتِبَ لَهُ مَا نَوَى، وَكَانَ نَوْمُهُ صَدَقَةً عَلَيْهِ مِنْ رَبِّهِ))(1)  واتە: هەر كەسێك چووە سەر جێگا بۆ خەوتن و پێش ئەوەی بخەوێ نیەت بێنێ لە دڵی خۆیدا بڵێ ئەم شەو هەڵدەستم بۆ شەو نوێژ، ئەو كات خەبەری نەبوەوە تا نوێژی بەیانی، خودای گەورە بەو نییەتەی كە هەیبوو شەونوێژی بۆ دەنووسێ و خەوتنەكەشی دەبێتە خێر و چاكە.
كەواتە ئەو كەسەی كە حەجی نەكردووە لە ئێستاوە نییەت بخاتە دڵیەوە كە لەبەر خودای گەورە بچێ ئەو فەریزەیە جێبەجێ‌ بكات، پشتیوان بەخوای گەورە وەك ئەوە وایە حەجەكەی كردبێ‌، بەڵام بەو مەرجەی راستگۆ بێت لەگەڵ ئەو نیەتەی كە لە دڵیایەتی.
2-  لەدڵەوە غەمگین بێت بە نەچوونی بۆ ئەو فەریزە گەورەیە:
یەكێكی دیكە لەو رێگایانەی كە وادەكات پاداشتی چوونمان بۆ حەج كردن دەست كەوێت ئەگەرچی نەرۆیشتوین و لە وڵاتی خۆمانین، بریتیە لە غەمباربوون و دڵتەنگیت لە نەچوونت بۆ فەریزەی حەج جا بە هەر هۆكارێكی شەرعی بێت.
 پێغەمبەری ئازیز صلى الله علیه وسلم لە سەفەرە پڕ گەرما و ناڕەحەتیەكەی تەبووكا كە پەنجا ڕۆژیان پێ چوو لە گەڕانەوەیە فەرمووی: ((لمَّا رَجَعَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مِنْ غَزْوَةِ تَبُوكَ فَدَنَا مِنَ الْمَدِينَةِ قَالَ: «إِنَّ بِالْمَدِينَةِ لَقَوْمًا مَا سِرْتُمْ مَسِيرًا، وَلَا قَطَعْتُمْ وَادِيًا، إِلَّا كَانُوا مَعَكُمْ فِيهِ» قَالُوا: يَا رَسُولَ اللَّهِ، وَهُمْ بِالْمَدِينَةِ؟ قَالَ: «وَهُمْ بِالْمَدِينَةِ حَبَسَهُمُ الْعُذْرُ))(2) فەرمووی: ئێوە لەو سەفەرەتانا چەندە ماندوو بوون و  چەندە ڕێگەتان بڕی بێ و چەندە پارەتان بە خەرج كردن دابێ بۆ خودا...هتد برایانێكتان هەن لە ناو شاری مەدینە بە وێنەی ئێوە پاداشتیان وەرگرتووە. وتیان: چۆن خۆ ئەوان لە مەدینەن؟
پێغەمبەری خودا صلى الله علیه وسلم فەرمووی: لەبەر ئەوەی ئەوانە كەم دەست و هەژار و كەم ئەندام بوون و عوزریان هەبوو، بەڵام دیارە زۆر زۆر خەفەتبار بوون و غەمبار و چاو پڕ فرمێسك بوون لەوەی كە توانایان نەبووەو پارەیان نەبووە بۆ ئەم غەزایە بەشدار بن .
 كەواتە ئەو كەسەشی كەوا غەمبار بێ لە سەر ئامادەنەبوونی مەراسیمی حەج بە هیوایەی (إن شاء الله) خودای گەورەش بەهەمان پاداشتی شاد بكات.
3-  سەردانی مزگەوت بە مەبەستی زانست و زانیاری:
 یەكێكی دیكە لەو رێگایانەی كە وادەكات پاداشتی چوونمان بۆ حەج كردن دەست بكەوێت لەنزیك ماڵ و گەرەكانی خۆماندا بریتیە لە چوون بۆ مزگەوت بە مەبەستی فێربوون و بڵاوكردنەوەی زانستی شەرعی، پێغەمبەری ئازیز صلى الله علیه وسلم دەفەرموێت: ((مَنْ غَدَا إِلَى الْمَسْجِدِ لَا يُرِيدُ إِلَّا أَنْ يَتَعَلَّمَ خَيْرًا أَوْ يَعْلَمَهُ، كَانَ لَهُ كَأَجْرِ حَاجّ تَامًّا حِجَّتُهُ))(3) واتە: هەر كەسێك بەڕێ كەوێ بۆ یەكێك لە ماڵەكانی خودا تەنها بۆ مەبەستی خێر و فێربوونی عیلمێكی شەرعی یاخود عیلمێكی شەرعی فێری خەڵكان بكا بۆ هەردوو لایان پاداشتی حەجێكی تەواو دەنووسرێ.
4-  سەردانی مزگەوت بە مەبەستی ئەنجامدانی نوێژكردن تیایدا:
یەكێكی دیكە لەو رێگایانەی كە وادەكات پاداشتی چوونمان بۆ حەجج كردن دەست كەوێت ئەگەرچی نەرۆیشتوین و لەوڵاتی خۆمانین، بریتیە لە چوونمان بۆ مزگەوت بۆ ئەنجامدانی نوێژی بەكۆمەڵ یاخود ئەنجامدانی نوێژی سونەتی چێشتەنگاو، لەو بارەیەوە پێغەمبەری ئازیز صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێ‌: ((مَنْ مَشَى إِلَى صَلَاةٍ مَكْتُوبَةٍ وَهُوَ مُتَطَهِّرٌ كَانَ لَهُ كَأَجْرِ الْحَاجِّ الْمُحْرِمِ، وَمَنْ مَشَى إِلَى سُبْحَةِ الضُّحَى كَانَ لَهُ كَأَجْرِ الْمُعْتَمِرِ))(4) واته‌: هەر كەسێك بەڕێ كەوێ بۆ ئەنجام دانی نوێژێكی فەرز لە مزگەوتەكەی نزیكی خۆیان پاداشتى هاوشێوەى ئەو حاجیەیە کە لەپۆشاکى ئیحرامدایە ، ئەگەر بەڕێ كەوت بۆ  مزگەوت بۆ ئەنجام دانی نوێژی چێشتەنگاو پاداشتی وەكو پاداشتی عومرەکارێک وایە.
5-  ئەنجامدانی نوێژی بەیانی بە كۆمەڵ و نەڕۆیشتن هەتا خۆر هەڵدێ‌:
 رێگایەكی دیكە كە وادەكات پاداشتی چوونمان بۆ حەجج كردن دەست بكەوێت، بریتیە لە چوون بۆ مزگەوت بە مەبەستی ئەنجامدانی نوێژی بەیانی بەكۆمەڵ، پێغەمبەری ئازیز صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێ‌: ((مَنْ صَلَّى الْفَجْرَ فِي جَمَاعَةٍ، ثُمَّ قَعَدَ يَذْكُرُ اللَّهَ حَتَّى تَطْلُعَ الشَّمْسُ، ثُمَّ صَلَّى رَكْعَتَيْنِ، كَانَتْ لَهُ كَأَجْرِ حَجَّةٍ وَعُمْرَةٍ))(5) واتە: هەر كەسێك نوێژی بەیانی بكا بە كۆمەڵ و دانیشێ و یادی خودا بكا هەتا ڕۆژ هەڵدێ پاشان دوو ڕكعات سووننەت بكا، ئەوا پاداشتی حەجێك و عومرەیكی تەواو تەواو تەواوی هەیە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم پاداشتانە راستە پاداشتی بەجێگەیاندنی حەج یاخود عومرەن، بەڵام دەبێت بزانین كە نابێتە هۆی لاچوونی فریزەی حەج لەسەرمان.
6-  بەدەنگەوە چوون و راپەڕاندنی كاری موسڵمانان:
بەدەنگەوە چوونی برا موسڵمانەکانمان بۆ راپەڕاندن و كار ئاسانی كردنی کارەکانیان یەكێكی دیكەیە لەو رێگایانەی كە پشت بەخودای گەورە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی پاداشتی فەریزەی حەج، چونكە بەدەنگەوە رۆیشتن بۆ كاری موسڵمان خێر و پاداشتی گەورەی لەدوایە و پێغەمبەری ئازیز صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێ‌: ((ولأَنْ أمْشِيَ مَعَ أخِي المُسْلِمِ فِي حاجَةٍ أحَبُّ إلي من أن أعتكف في هذا المَسْجِدِ شَهْراً))(6) واتە: ئەگەر لەگەڵ برایەكی موسڵمانمدا بەپێ بەڕێكەوم بۆ ئەوەی كارێكی بۆ ئەنجام بدەم ئەمەم لا خۆشەویسترە لە مانەوەی یەك  مانگ عیبادەت (ئیعتكاف) واتە: شەوەكانی هەمووی شەونوێژ بكەم ڕۆژەكانی هەمووی بەڕۆژوو بم لە مزگەوتەكەی خۆمدا.
سەرنج بدە پێغەمبەری خودا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێ‌ لەگەڵ برایەكی موسڵمانمدا نەیفەرموو برایەكی موخلیص و موتتەقی و صاڵح و باش....هتد، هەر لەبەر ئەمەیە حەسەنی بەصری رحمه الله قسەیەكمان بەبیر دێنێتەوە دەفەرمووێ: "مَشْيَكَ فِي حَاجَةِ أَخِيكَ خَيْرٌ لَكَ مِنْ حَجَّةٍ بَعْدَ حَجَّةٍ"(7) واتە: هەنگاو هەڵهێنانەوە و چوونت لەگەڵ برایەكی موسڵماندا بۆ ئەوەی كە كار ئاسانیەكی بۆ بكەی كارێكی بۆ ئەنجام بدەی باشترە بۆت لە حەجی سووننەت لە دوای سووننەت .
معاذ بن الحكم لە الحسن البصری دەگێڕێتەوە کەفەرموویەتی: "اذا قفلوا فالتقوهم وصافحوهم قبل أن يخالطوا الذنوب فان البركة في ايديهم " واتە: حاجیان كە گەڕانەوە بڕۆن بە پێشوازیانەوە بڕۆن سەلامیان لێ بكەن تەوقەیان لەگەڵدا بكەن چونكە دەستیان هێشتا پاكە لە گوناح و تاوان هەموویان بە پاكی هاتوونەوە لە لای خودای گەورە تبارك و تعالی.
7-  بە دەستهێنانی (بدل حج) یاخود ئەنجامدانی عومرە لە مانگی رەمەزاندا:
یەكێكی دیكە لەو رێگایانەی كە وادەكات پاداشتی چوونمان بۆ حەجج كردن دەست كەوێت دەتوانێ حەجى لەجیاتى بۆ بکات، ئەگەر هەر نەیتوانی بەدەل حەج و پارەی نەبوو ئەتوانێ خۆی بچێ بۆ عومرە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، لەو بارەیەوە پێغەمبەری ئازیز صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێ‌: ((عُمْرَةٌ فِي رَمَضَانَ تَعْدِلُ حِجَّةً))(8) ئەنجام دانی عومرەیەك لە مانگی ڕەمەزان دا وەكو یەك حەج وایە لە گەڵ خۆمدا(واتا لەگەڵ ئازیزماندا صلى الله علیه وسلم).
 ئەگەر نەیتوانی لە ڕەمەزاندا , ئەوا لەهەر کاتێکى تردا بدات عومرە ئەو پاداشتەى دەسدەکەوێت، خۆشەویست فەرموویەتى: ((الْعُمْرَەُ الْحَجِّ الْأَصْغَر معي))(9) واتە: عومرە حەجی گچکەیە لەگەل مندا. و بۆى دەخرێتە برى حەجکردن لە قیامەتدا.
داواكارم لە خوای گەورە زیاتر ئاشنا و حاڵیمان بكات لە ئاینەكەی خۆی وە زانیاریەكانمان زیاد بكات وە بیكاتە مایەی سود لێ‌ وەر گرتنمان _ ا‌مین _ 

-------------------------------------------
(1) انظر: سنن ابن ماجة (1344)، (سنن الكبرى) للنسائي (1463)، (صحيح ابن خزيمة)  لابن خزيمة (1172) ، (السنن الكبرى) للبيهقي (4724)،(جامع الأصول) لابن الاثير (4186)، الشيخ الألباني في  و (صحيح الترغيب و الترهيب) (21 و601)
(2) أخرجه: احمد (المسند)  (12009 و12629 و12874 و13237)، البخاري (4423)،(سنن ابن ماجة) لابن ماجة (2764)، (سنن ابي داود)  (2508)، مسند البزار (7297)،(مستخرج ابي عوانة) (7455)، الألباني (صحيح ابن حبان)  (4731)
(3) انظر: (المعجم الكبير) للطبراني (7473)،(مجمع الزوائد ومنبع الفوائد) للهيثمي (500)، (جامع الأحاديث) للسيوطي (22997)،(صحيح الترغيب و الترهيب) للألباني (86)
(4) أخرجه: احمد (22304 و 22358)، الألباني (صحیح الترغیب) (320)، (صحیح الجامع) (6227)، (صحیح ابی داود) (558).
(5) انظر: (شرح السنة) للبغوي (710)،(مرقاة المفاتيح شرح مشكاة المصابيح) (971)،(جامع الأصول) للسيوطي (7061)، (تحفة الأشراف بمعرفة الأطراف) لجمال الدين (1644)،(كنز العمال) للمتقي الهندي (20276 و21508)،(روضة المحدثين) (4617)، (المشکاە) (971)، (صحیح الترغیب) (464) ، (الصحیحة) للشیخ الألباني (3403)
(6) انظر: (معجم الكبير) للطبراني (13646)، (الجامع الصغير و زيادته) (176)، (كنز العمال) للمتقي الهندي   (43582)، (موسوعة اطراف الحديث) (4750 و 290058)، (موسوعة التخريج) (22923)،(الصحیحة) (905)، (صحیح الترغیب) (2632).
(7) انظر: (قضاء الحوائج) لأبن ابي الدنيا (103)، (فيض القدير) للمناوي (8961)،(اتحاف السادة المتقين) لمحمد بن محمد الحسيني الزبيدي (ج6 / ص 291)، (دليل الفالحين لطرق رياض الصالحين) لمحمد بن علان الصديقي (ج3/ ص 38) .
(8) اخرجه: ابن ابي شيبة (المصنف) (13028)، احمد (2808 و14795 و14882 و15270 و17599 و17601 و17661 و27291)، الدارمي (السنن) (1902)، الترمذي (السنن) (939)، ،(السنن الكبرى) للبيهقي (8744)، (صحيح ابن حبان) (3700) (صحیح الترغیب) للشيخ الألباني (1118).
(9) انظر: (المصنف) لابن أبی شیبة (13659 و 13667)، (سنن الدار القطنی) للدار القطني(2723) ، (المستدرک على الصحیحین) للحاکم (1448)، (السنن الصغیر) للبیهقی (1485)،، (جامع الأصول) لابن الأثير الجزري (643)، (اتحاف المهرە ) لابن حجر (15933 و 15935)، و (الکبیر) للطبراني (8336)،وقال الشیخ الألباني (صحيح ابن حبان) (6525)، و (الأرواء) (122) ، (المشكاة) (465) صحيح لغيره.

 753
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی