بەرهەمی نوسراو

فەزڵ و گەورەیی آیة الکرسی

ئەبو هوڕەیرە خوای گەورە لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم منی کرد بە پاسەوان بەسەر زەکاتی فیترەوە، شەوێک یەکێک هات و ویستی هەندێک خواردن ببات، منیش گرتم ووتم دەتبەم بۆ لای پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم، ئەویش ووتی: من زۆر فەقیر و موحتاجم، ماڵ و منداڵێکی زۆرم هەیە، وە زۆریش پێویستیم پێیەتی، منیش ئازادم کرد، بۆ بەیانی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرمووی: ((ئەی ئەبو هوڕەیرە، چیت بە ئەسیرەکەت کرد دوێنێ شەو؟)) منیش ووتم: ئەی پێغەمبەری خوا شەکوای حاڵی خۆی کرد و ووتی موحتاجم و ماڵ و منداڵێکی زۆرم هەیە، منیش ئازادم کرد، پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم فەرمووی: ((بەڵام ئەوە درۆ دەکات، وە دەگەڕێتەوە))، منیش دڵنیابووم کە دەگەڕێتەوە لەبەر قسەکەی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم، بۆیە خۆم بۆی گرت، چاوەڕێم کرد تا هات، دووبارە دەستی کردەوە بە خواردن هەڵگرتن، منیش ووتم: دەتبەم بۆ لای پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم، ووتی: لێم گەڕێ، من موحتاجم ماڵ و منداڵێکی زۆرم هەیە، منیش ئازادم کرد،  بۆ بەیانی پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم پێی ووتم: ((ئەی ئەبو هوڕەیرە چیت کرد بە ئەسیرەکەت دوێنێ شەو؟)) منیش ووتم:  ئەی پێغەمبەری خوا شەکوای حاڵی خۆی کرد کە زۆر فەقیر و موحتاجە و ماڵ و منداڵێکی زۆری هەیە، منیش بەزەییم پێیدا هاتەوە و ئازادم کرد، پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم فەرمووی: ((ئەو بەڕاستی درۆ دەکات، وە دووبارە دێتەوە))، منیش دڵنیابووم دەگەڕێتەوە بۆ جاری سێیەم خۆم بۆی گرت، سێ بارە هاتەوە دەستی کردەوە بە خواردن هەڵگرتن، منیش ووتم: دەتبەم بۆ لای پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ئەمە جاری سێیەمە و کۆتا جارتە، هەموو جارێک ووتوتە نایمەوە هەر دێیەوە، ووتی:  ئازادم بکە و لێم گەڕێ، من چەند وشەیەکت فێر دەکەم بەهۆیەوە خوای گەورە سودت پێ دەگەیەنێت، ئەبو هوڕیرە دەڵێت: منیش ووتم ئەو وشانە چین؟ ووتی: ئەگەر چویتە سەر جێگای خەوەکەت، آیة الکرسی بخوێنە، ئەوا بەردەوام لەلایەن خوای گەورە پارێزەرێکت بۆ دێت، وە شەیتان لێت نزیک ناکەوێتەوە هەتا بەیانی، منیش ئازادم کرد، بەیانیەکەی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرمووی: ((ئەی ئەبو هوڕیرە چیت کرد بە ئەسیرەکەت دوێنێ شەو؟))، منیش ووتم: ئەی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ئەو چەند وشەیەکی فێرکردم کە بەهۆیەوە خوای گەورە سودم پێ دەگەیەنێت،  منیش ئازادم کرد، پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم فەرمووی: (( ئەو ووشانە چین؟)) منیش ووتم: پێی ووتم: ئەگەر چویتە سەر جێگای خەوەکەت آیة الکرسی بخوێنە لەسەرەتاوە تا کۆتایی [اللَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ الْحَيُّ الْقَيُّومُ] پێی ووتم: بەردەوام پارێزەرێکت لەلایەن خوای گەورە بۆ دێت، وە شەیتانیش لێت نزیک نابێتەوە تاوەکو بەیانی، پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم فەرمووی: ((لەمەیاندا ڕاستی کردووە، هەرچەندە ئەو کەسێکی زۆر درۆزنە، ئایا دەزانی سێ شەوە لەگەڵ کێ گفتوگۆ دەکەیت ئەی ئەبو هوڕەیرە؟))، منیش ووتم: نەخێر، فەرمووی: (( ئەو شەیتان بوو)). رواه البخاري: 2311.
چەند سودێک لەم فەرموودەیە
١. دەرخستنی فەزڵی آیة الکرسی.
٢. ئەو  کەسەی دەکرێت بە وەکیل بۆی نییە تصروفات بەو ماڵە بکات، بەبێ ئیزنی خاوەن ماڵ.
٣. دەرکەوتنی جن و قسەکردن لەگەڵیان.
٤. جنەکان شت دەدزن و فێڵ دەکەن.
٥. دروستە عیلم و زانست لەکەسێک وەربگریت کە خۆی کردەوەی پێ ناکات.


 487
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی