بەرهەمی نوسراو

جۆرەکانی خەڵکی بەگوێرەی پەیوەندیان بە قورئانی پیرۆزەوە

پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم  لە فەرموودەیەکدا جۆرەکانی خەڵکیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە بەگوێرەی پەیوەندیان بە قورئانی پیرۆزەوە، ئەبو موسای ئەشعەری خوای گەورە لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی: ((مَثَلُ المُؤْمِنِ الذي يَقْرَأُ القُرْآنَ، مَثَلُ الأُتْرُجَّةِ، رِيحُها طَيِّبٌ وطَعْمُها طَيِّبٌ، ومَثَلُ المُؤْمِنِ الذي لا يَقْرَأُ القُرْآنَ مَثَلُ التَّمْرَةِ، لا رِيحَ لها وطَعْمُها حُلْوٌ، ومَثَلُ المُنافِقِ الذي يَقْرَأُ القُرْآنَ، مَثَلُ الرَّيْحانَةِ، رِيحُها طَيِّبٌ وطَعْمُها مُرٌّ، ومَثَلُ المُنافِقِ الذي لا يَقْرَأُ القُرْآنَ، كَمَثَلِ الحَنْظَلَةِ، ليسَ لها رِيحٌ وطَعْمُها مُرٌّ. في حَديثِ هَمَّامٍ بَدَلَ المُنافِقِ، الفاجِرِ)) (متفق علیه).
واتە: (نموونەی ئەو ئیماندارەی کە قورئان دەخوێنێت وەکو (ترنوج) وایە بۆنی خۆشە و تامیشی خۆشە ، وە هەروەها نموونەی ئەو ئیماندارەش کە قورئان ناخوێنێت وەکو خورما وایە بۆنی نی یە و تامی شیرینە، وە نموونەی ئەو دوو ڕووەی کە قورئان دەخوێنێت وەکو ڕەیحانە وایە بۆنی خۆشە و تامی تاڵە ، وە نموونەی ئەو دوو ڕوووەی کە قورئان ناخوێنێت وەکو گوژاڵك وایە بۆنی نی یە و تامیشی تاڵە).
ئەم فەرموودەیە خەڵکی دابەش کرد بەگوێرەی پەیوەندیان بە قورئانی پیرۆزەوە بۆ چوار کۆمەڵە:
یەکەم: ئیماندارێک کە قورئان دەخوێنێتەوە، ئەم ئیماندارە هەم تامی خۆشە بەهۆی ئیمانەکەیەوە، هەم بۆنیشی خۆشە بەهۆی قورئان خوێندنەکەیەوە.
دووەم: ئیماندارێک کە قورئان ناخوێنێتەوە: تەنها تامیی خۆشە ئەویش بەهۆی ئیمانەکەیەتی.
سێیەم: مونافیقێک قورئان دەخوێنێتەوە: ئەم جۆرە لە خەڵکی تەنها بۆنی خۆشە، چونکە قورئان دەخوێنێتەوە، وە تامی تاڵە، چونکە مونافیق لەناخەوە پیسە هیچ خێرێکی تێدا نییە، ناخی بۆگەنە.
چوارەم: مونافیقێک کەوا قورئان ناخوێنێتەوە: ئەم جۆرەیان نە تامیان خۆشە نە بۆنیش، واتە نە ئیمانیان هەیە تا تامیان خۆش بکات، وە هەروەها نە قورئانیش دەخوێنن تا بۆنی خۆش بکات.
چەند سودێک لەم فەرموودەیە:
١. لەم فەرموودەیەدا فەزڵ و گەورەیی ئەو کەسەی کەوا قورئان دەخوێنێت دەخاتە ڕوو.
٢. خوێندنەوەی قورئان کاریگەری لەسەر ئیماندار دەبێت، ئیمانی زیاد دەکات، دڵی ئارام دەکاتەوە، پلەی بەرز دەکاتەوە لەناو خەڵکیدا.
٣. پێویستە لەسەر موسڵمانان کەوا قورئان بخوێننەوە و لە ئایەتەکان ڕابمێنن، وە کردەوەی پێ بکەن.
٤. هەندێک لە ئیمانداران هەجری قورئانی پیرۆزیان کردووە، بەوەی کە گوێی لێناگرن، وە نایخوێننەوە، وە هەروەها کردەوەی پێ ناکەن. 

اللهم اجعل القرآن ربيع قلوبنا ونور صدورنا وجلاء أحزاننا، اللهم اجعل القرآن حجة لنا ولا تجعله حجة علينا


 627
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی