بەرهەمی نوسراو

ئەو کاتانەی غەیبەت تێیدا دروستە

غەیبەت کردن یەکێکە لەو تاوانانەی کەوا خاوەنەکەی موفلیس دەکات لە قیامەتدا، لە هەندێک حاڵەت و کاتدا زانایان غەیبەت کردنیان بە دروست زانیوە، لەوانە:
1. باسکردنی ئەو کەسەی کەوا زوڵمی لێت کردووە لای قازی: یەکێک لەو کاتانەی کەوا باسکردنی خەڵکی نابێت بە غەیبەت، كەسێكی ستەم لێكراو دەچێتە لای قازی و داوا دەكات ئەو زوڵمەی لەسەر لاببەن، هندی كچی عتبە هاتە لای پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ووتی أبو سوفیانی مێردم پیاوێكی ڕەزیلە پارەیەكی وام ناداتێ بەشی خەرجی خۆم وماڵ ومنداڵم بكات(1).
2. پرسیار کردن و ڕوونکردنەوەی شەرعیەت: وەهەروەها زانایان فەرموویانە بۆ پرسیارێكی شەرعی بێت.
3. باسی کەسێک بەبێ ناوهێنانی: کاتێک دەبێت بە غەیبەت ئەگەر ناوی کەسەکە بهێنی یاخود کەسی بەرامبەر تێ بگات مەبەستت کێیە، بەڵام ئەگەر ناوت نەهێنا نابێت بە غەیبەت، ئيبراهیمی تەیمی ڕەحمەتی خوای لێبێت دەفەرمووێت: (كَانُوا لَا يَرَوْنَهَا غِيبَةً مَا لَمْ يُسَمَّ صَاحِبُهَا) (2) واتە: (وای نابینن ئەگەر ناوی کەسەکە نەهێنرێت کەوا ببێت بە غەیبەت)، بەڵام ئەگەر هاتوو باسی کەسێکت کرد بەرامبەر تێگەیشت مەبەستت کێیە ئەوە دەبێت بە غەیبەت.
4.  ئاگادارکردنەوەی خەڵکی لەشەڕو ئاژاوەی کەسێک: هەندێك جار بەپێی پێویست بۆ ئاگاداربوونی موسوڵمانان لەشەڕ ودژواری كەسێك پێویستە، زیدی كوڕی أرقم كاتێك عبدالله كوڕی ئوبەی مونافق هاتوو وئەو كارە چەپەڵەی كرد وئەو قسە ناشرینەی بڵاوكردەوە ئەویش چوو بەپێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم گەیاند.
5. باسکردنی کەسێک کەوا دەتوانێت قەرزەی لەسەریەتی نایداتەوە: یەکێکی تر لەو کاتانەی کەوا باسکردنی نابێت بەغەیبەت کەسێکە کەوا قەرزاری کەسێکە، قەرزەکەی ناداتەوە لەکاتێکدا توانای دانەوەشی هەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی خەڵکی تر شارەزا بن و ئەو کەسە بناسن.
6. باسکردنی کەسانی تاوانبار و بیدعەچی: خەڵکانێک هەیە کەوا تاوانبار و بیدعە چی لەناو خەڵکی دا باسکردنی بۆ زەڕوڕەت و پێویستی نابێت بە غەیبەت، هەروەک پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم موسوڵمانانی ئاگاداركردەوە لەدوو مونافق فەرمووی ئاگارداربن ((مَا أَظُنُّ فُلاَنًا وَفُلاَنًا يَعْرِفَانِ مِنْ دِينِنَا شَيْئًا))(3) واتە: (ئاگاداربن فڵان وفڵان، هیچ شتێك لەم دینەی ئێمە نازانن).
7. لەکاتی ڕاوێژ پێکردندا: یەکێکی تر لەو حاڵەتانەی کەوا باسکردنی کەسێک نابێت بە غەیبەت بریتییە لەوەی کەسێک ڕاوێژت پێ دەکات تاوەکو لەگەڵ کەسێک ژن و ژنخوازی ئەنجام دەدات یاخود هاوڕێیەتی دەکات، کە لایەنە خراپەکانی ئەو کەسە بڵێی نابێت بەغەیبەت، چونکە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: ((الْمُسْتَشَارُ مُؤْتَمَنٌ))(4) واتە: (ئەو کەسەی ڕاوێژی پێ دەکرێت ئەمینە)، واتە هەر شتێک پێویستە بوترێت دەبێت بوترێت، وە دەبێت ئەوەی باسی دەكەین تێیدابێت وەبەگوێرەی پێویست باسی بكەین، وەهەروەها تادەتوانین باسكردنەكەی سودی هەبێت، شتانێک باس نەکەین کەوا هیچ سودێکی نییە. 

--------------------------------
(1) أخرجه: البخاري (5359).
(2) أخرجه: ابن أبي الدنيا في (الصمت) (227).
(3) أخرجه: البخاري (6067).
(4) أخرجه: أحمد (٢٢٣٦٠)، وصححه الشيخ الألباني في (صحيح الجامع الصغير) (6700).

 

 1153
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی