بەرهەمی نوسراو

هاوڕێیەتی کردنی ئیماندار، سودت پێ دەگەیەنێت لە دونیا و دواڕۆژدا

پێویستە هەموومان بەدوای هاوڕێی باش و چاکەکاردا بگەڕێین، چونکە هاوڕێی باش هەم لەدونیادا سودێکی زۆری بۆمان هەیە، هەم لە قیامەتدا، لەدونیادا بەرەو کاری باش و چاکمان دەبەن، کاتێک هەڵەیەکمان کرد یاخود لە کارێکی چەوت و خراپ نزیک کەوتینەوە ئاگادارمان دەکەنەوە، لە قیامەتیشدا دەبن بەمایەی شەفاعەت و تکاکار بۆمان، خوای گەورە لە قورئانە پیرۆزەکەیدا دەفەرمووێت: [الْأَخِلَّاءُ يَوْمَئِذٍ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ إِلَّا الْمُتَّقِينَ (67)] (الزخرف)، واتە: (دۆست و خۆشەویستانى دونیا لە ڕۆژی قیامەت هەموویان ئەبن بە دوژمنی یەكتری و لە یەكتری جیا ئەبنەوە لەبەر ئەوەی لە دونیادا بۆ بەرژەوەندى دونیا یەكیان خۆشویستووە تەنها ئەو كەسانە نەبێ كە تەقوای خوایان كردووەو لە دونیادا لەبەر خوا یەكتریان خۆش ویستووە لە قیامەت نابن بە دوژمنی یەكترى، بەڵكو لە بەهەشتدا كۆ ئەبنەوەو دۆستی یەكن)، وە هەروەها لە فەرموودەیەکدا پێشەوا بوخاری بە ژمارە (٧٤٣٩) ڕیوایەتی کردووە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم  باس لە حاڵی ئیمانداران دەکات کاتێک بەسەر پردی سیراط دا تێدەپەڕن، پاشان ئیمانداران کە ڕزگاریان دەبێت لەئاگر سەیر دەکەن هاوەڵانێک لەدونیادا لەگەڵیان بوون، ئێستا لە بەهەشتدا لەگەڵیان نین، ئیمانداران دەڵێن: (( رَبَّنَا إِخْوَانُنَا، كَانُوا يُصَلُّونَ مَعَنَا، وَيَصُومُونَ مَعَنَا، وَيَعْمَلُونَ مَعَنَا، فَيَقُولُ اللَّهُ تَعَالَى: اذْهَبُوا، فَمَنْ وَجَدْتُمْ فِي قَلْبِهِ مِثْقَالَ دِينَارٍ مِنْ إِيمَانٍ فَأَخْرِجُوهُ))، واتە:(ئەی پەروەردگارمان، برایانێکمان هەبوون لەدونیادا، لەگەڵ ئێمە نوێژیان دەکرد، لەگەڵ ئێمە بەڕۆژوو دەبوون، وە لەگەڵ ئێمە بەشداری وانە شەرعیەکانیان دەکرد، خوای گەورە دەفەرمووێت: بڕۆن هەر کەسێک یەک مسقاڵە زەڕە ئیمان لەدڵیدا هەیە دەری بکەن لە ئاگر)، پاشان ئیمانداران دەچن ئەوانەی دەیانناسن لە ئاگر دەریان دەکەن، ئەوەی لێرەدا مەبەستە هاوڕێیەتی کردنی ئیماندارە لە دونیادا، هۆکاری ڕزگار بوونە لە ئاگر لە قیامەتدا.
 حەسەنی بەصری ـ ڕەحمەتی خوای لێبێت ـ دەفەرمووێت: (با هاوڕێی ئیماندارتان زۆر بێت، لەبەرئەوەی لە قیامەتدا شەفاعەتتان بۆ دەکەن)( تفسير البغوي: 6/120).
 ابن الجوزی  ـ ڕەحمەتی خوای لێبێت ـ دەفەرمووێت: ئەگەر منتان نەبینی لە بەهەشتدا، ئەوا بەدوامدا بگەڕێن و بڵێن: ئەی پەروەردگارمان فڵانە بەندەیەت تۆی دەسختەوە یادمان، پاشان دەستی کرد بەگریان.
كەواتە هاوەڵێتی کردنی کەسانی ئیماندار سود بە ئینسان دەگەیەنێت هەم لە دونیادا وە هەم لە قیامەتدا.

 

 1495
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی