بەرهەمی نوسراو

حوكمی ڕاگرتنی سەگ

ئەمڕۆ بەناوی پێشکەوتن و ڕۆشنبیرییەوە دیاردەیەک لەناو موسڵماناندا بڵاوبۆتەوە کەوا خەڵکانێک بەناوی ڕۆشنبیری و پێشکەوتن و پێشکەوتن خوازی سەگ ڕادەگرن لە ماڵەکانیاندا، ئایا لەڕووی شەرعەوە ڕاگرتنی سەگ چ حوکمێکی هەیە؟ 
ڕاگرتنی سەگ بۆ چەند مەبەستێک دروستە، پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لە فەرموودەیەک کە بەچەند ڕیوایەتێک هاتووە باس لە حوکمی ڕاگرتنی سەگ دەکات، لە فەرموودەیەک دا هاتووە بە صەحیحی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت:((مَنِ اقْتَنى كَلْبًا -إلَّا كَلْب صَيْدٍ أوْ مَاشِيةٍ- فإنَّهُ يَنْقُصُ مِنْ أجْرِهِ كُلَّ يوْمٍ قِيراطَانِ))(متفق علیه) واتە: (هەر کەسێک سەگ ڕابگرێت ـ ئیلا سەگی ڕاو یان سەگی پاسەوان بۆ مەڕ و ماڵات نەبێت ـ ئەوا هەموو ڕۆژێک دوو قیراط لە کردەوەی کەمدەکرێتەوە) لە ڕیوایەتێکی تردا هاتووە (قیراطێک) لە چاکە و حەسەناتی کەم دەکرێتەوە، وە لە ڕیوایەتێکی تردا ئەبو هوڕەیرە دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی : ((مَنْ أمْسَكَ كَلْبًا فَإنَّهُ ينْقُصُ مِنْ عملِهِ كُلَّ يَوْمٍ قِيرَاطٌ، إلا كَلْب حَرْثٍ أوْ مَاشِيَةٍ)) (متفق علیه) واتە: (هەر کەسێک سەگ ڕابگرێت ئەوا هەموو ڕۆژێک قیراطێک لە خێر و حەسەناتی کەم دەکرێتەوە ئیلا سەگی پاسەوان لە باخ و باخات یان سەگی پاسەوان لە مەڕ و ماڵات نەبێت)، هەر قیراطیش بەئەندازەی کێوێکی گەورەیە، وە لە فەرموودەی تردا هاتووە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم: ((لا تَدْخُلُ المَلائِكَةُ بَيْتًا فِيهِ كَلْبٌ وَلا صُورَةٌ)) (متفق عليه) واتە: (فریشتە ناچێتە ماڵێکەوە کەوا سەگ و وێنەی گیانلەبەری تێدا بێت)، کەواتە لەم فەرموودانەی سەرەوە دەردەکەوێت ڕاگرتنی سەگ تەنها لە دوو حاڵەتەی باسکرا دروستە، ئەگەرنا ڕاگرتنی سەگ بەهیچ شێوەیەک دروست نییە لەماڵدا.

 

 1418
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی