بەرهەمی نوسراو

چەند هۆکارێک بۆ پارێزگاری کردن لە چاوەزار

پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم  لە فەرموودەیەکی صەحیح کە بوخاری و موسلیم گێراویانەتەوە، فەرموویەتی: ((العَيْنُ حَقٌّ)) (أخرجه: البخاري: 5944، ومسلم: 2187). واتە: (چاوپیسی حەق و ڕاستیە و بوونی هەیە)، وە لە صەحیحی موسلیمدا لە ابن عەبباسەوە رەزای خوا لەخۆی و باوکی بێت لە پێغەمبەری خواوە صلى الله علیه وسلم دەگێڕێتەوە دەفەرموویت: ((الْعَيْنُ‏ ‏حَقٌّ وَلَوْ كَانَ شَيْءٌ سَابَقَ الْقَدَرَ سَبَقَتْهُ ‏‏ الْعَيْنُ)) (أخرجه: مسلم: 2188). واتە: (چاوپیسی حەق و ڕاستیە و بوونی هەیە، ئەگەر شتێک پێش قەدەر بکەوتایە ئەوا چاو پێشی دەکەوت)، وە لە قورئانی پیرۆز دا هاتووە کاتێک پێغەمبەر یعقوب علیه السلام کوڕەکانی دەنێرێت بۆ مصر پێیان دەفەرمووێت: [وَقَالَ يَا بَنِيَّ لاَ تَدْخُلُواْ مِن بَابٍ وَاحِدٍ وَادْخُلُواْ مِنْ أَبْوَابٍ مُّتَفَرِّقَةٍ وَمَا أُغْنِي عَنكُم مِّنَ اللّهِ مِن شَيْءٍ إِنِ الْحُكْمُ إِلاَّ لِلّهِ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَعَلَيْهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُتَوَكِّلُونَ] (یوسف:٦٧)، ئیبن کەثیر ڕەحمەتی خوای لێبێت لە تەفسیرەکەیدا دەفەرمووێت: ابن عەباس و محمدی کوڕی کەعب و موجاهید زوحاک و قەتادە و السدی و چەندان کەسی تر دەڵێن: لەترسی چاوەزار وای ووتووە، چونکە ئەوان گەنجانێکی جوان و ڕێک بوون، وە هەروەها خوای گەورە لە سوڕەتی الحسد ئەمری پێکردووین کەوا پەنا بەخوای گەورە بگرین لە شەڕی حاسدەکان،  مادام چاوەزار حەقە و خەڵکی دەچن بەچاوەوە چۆن خۆمان بپارێزین لە چاوەزار و کەسانی حەسود؟
یەکەم: تەقوای خوای گەورە: تەقوای خوای گەورە یەکێکە لە هۆکارەکانی پاراستنی بەندە لە بەڵا و ناخۆشییەکان، خوای گەورە دەفەرمووێت: [وَإِنْ تَصْبِرُوا وَتَتَّقُوا لا يَضُرُّكُمْ كَيْدُهُمْ شَيْئاً إِنَّ اللَّهَ بِمَا يَعْمَلُونَ مُحِيطٌ ] (آل عمران:120) واتە: (بەڵام ئەگەر ئێوە ئارام بگرن وە تەقوای خوای گەورە بكەن و ئەوانتان خۆش نەوێ ئەوا نەخشەو پیلانی ئەوان هیچ زیانێك بەئێوە ناگەیەنێ و خوای گەورە ئەتانپارێزێ، ەدڵنیایى خوای گەورە زانایە وە زانیاری خوای گەورە دەوری ئەوانی داوەو ئاگای لێیانە كە هەر شتێك بكەن).
دووەم: پەنا گرتن بەخوای گەورە و خوێندنی ڕوقیە: پێویستە پەنا بگرین بەخوای گەورە لە چاوەزار، لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە لە عبدالله ی کوڕی ئیمامی عەبباس خوای گەورە لەخۆی و باوکی ڕازی بێت کەوا پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم حەسەن و حوسەینی پەنا دەدا بەخوای گەورە و دەیفەرموو: ((أعوذ بكلمات الله التامة من كل شيطان وهامة ومن كل عين لامّة))، وە دەیفەرمووی: ((إن أباكما كان يعوذ بها إسماعيل وإسحق))(أخرجه: البخاري:3371) واتە: (باوکتان ـ مەبەست پێی پێغەمبەر ابراهیمە علیه السلام ـ اسماعیل و اسحاقی ـ سەلامی خوای گەورەیان لێبێت ـ پەنا دەدا بەخوای گەورە بەم دوعایە). وە لە فەرموودەیەکی تردا دایکمان عائیشە خوای گەورە لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: ((كان رسول الله صلى الله عليه وسلم يأمرني أن أسترقي من العين)) (أخرجه: مسلم:2195) واتە: (پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرمانی پێ کردم کەوا ڕوقیە بکەم بۆ چاوەزار). 
سێیەم: بەردەوام بوون لەسەر زیکر و يادی خوا : بەردەوام بوون لەسەر زیکر و یادی خوای گەورە، بەتایبەت ئەو زیکرانەی کەوا لە سوننەتی پێغەمبەردا صلى الله علیه وسلم بە صەحیحی هاتووە، پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: ((إِذَا نَزَلَ أَحَدُكُمْ مَنْزِلًا، فَلْيَقُلْ: أَعُوذُ بكَلِمَاتِ اللهِ التَّامَّاتِ مِن شَرِّ ما خَلَقَ، فإنَّه لا يَضُرُّهُ شيءٌ حتَّى يَرْتَحِلَ منه)) (رواه مسلم: )٢٧٠٨ واتە: (ئەگەر لە شوێنێك دابەزیت بڵێ ( أَعُوذُ بكَلِمَاتِ اللهِ التَّامَّاتِ مِن شَرِّ ما خَلَقَ) هیچ شتێك زیانت لێ نادات تاك و ئەو شوێنە بەجێ دێڵی)، وە هەروەها لە کتابی الاذكاری پێشەوا نەوەوی داهاتووە: پێغەمبەری خوا ئەگەر ترسی لە قەومێک هەبووایە دەیفەرموو: «اللَّهُمَّ إِنَّا نَجْعَلُكَ فِي نُحُورِهِمْ، وَنَعُوذُ بِكَ مِنْ شُرُورِهِمْ» (أبو داود 2 / 89 وصححه الحاكم ووافقه الذهبِي 2 / 142 {وصححه الألباني في صحيح الجامع (4706)). واته‌: (خودایه‌ تۆ ده‌كه‌ین به‌ گژیاندا و په‌ناشت پێده‌گرین له‌ زه‌ره‌ر و زیان و خراپه‌یان)، وە هەروەها لە بەیانیان و ئێواران خوێندنی (آیة الکرسی)، وە سوڕەتەکانی (الاخلاص، الفلق، الناس) سێ، وە هەروەها هەر دوعا و زیکرێک لە سوننەتدا هاتبێت سەبارەت بە پاراستن لە حەسودی و چاوپیسی.
چوارەم:خۆپاراستن و خۆ نەڕازاندنەوەیەکی زۆر لە خۆت و ماڵ و مناڵ و خانو سەیارە: چونکە زیادەڕەوی کردن لە خۆڕازاندنەوە دەرخستنی سەرجەم نیعەمەتەکان کە خوای گەورە پێی بەخشیوەی هۆکارە بۆ ئەوەی خەڵکی حەسودیت پێ ببەن، لە ئەثەرێکدا دەگێڕنەوە لە ئیمامی عوسمانەوە رەزای خوای گەورەی لێ بێت : کاتێک بە کۆڵانەکانی مەدینەدا تێدەپەڕیت منداڵێک دەبینێت کە جوان بووە، فەرموویەتی: (دَسِّمُوا نُونَتَهُ؛ لِئَلَّا تُصِيبَهُ الْعَيْنُ) (غريب الحديث للخطابي ( 2 /139 ) ، و زاد المعاد في هدي خير العباد (4/ 159)  و شرح السنة للبغوي (12/ 166)) واتە : (ئەو چاڵیەی کە لە چەناگەیدایە ڕەشی بکەن بۆ ئەوەی ئەو جوانیەی بشارێتەوە و بەچاوەوە نەچێت).
پێنجەم: تەوەکول لەسەر خوای گەورە: پشت بەستن و تەوەکول لەسەر خوای گەورە بەهێزترین گەورترین هۆکارە بۆ لابردنی بەڵا و موسیبەت لەسەر بەندە.
شەشەم: خێر و صەدەقە: خێر و صەدەقە کاریگەرییەکی سەرسوڕهێنەری هەیە لە لابردنی بەڵا و ناخۆشی وە هەروەها لابردنی شەڕی حەسود و چاوپیس.
حەوتەم: چاکەکردن لەگەڵ کەسی حەسود: چاکەکردن لەگەڵ کەسێک کە دەزانی حەسودیت پێ دەبات، خوای گەورە دەفەرمووێت: [وَلا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلا السَّيِّئَةُ ادْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ] (فصلت:34) واتە: (بێگومان چاکە و خراپە وەک یەک نین، تۆ ئەی باوەڕدار بەجوانترین و چاکترین شێوە بەرەنگاری خراپە و نادروستی بکە، ئەو كەسەی كە دوژمنایەتی لە نێوانتاندا هەیە كە بە چاكە وەڵامت دایەوە وەكو دۆستێكی خۆشەویستی تۆی لێ دێت).
ئەگەر کەسێک توشی بەچاوەوە چوو، ئەگەر زانی کەسی (عائن) ئەو کەسەی چاوی لێی داوە کێیە، ئەوا ئاوی دەستنوێژی ئەو کەسە بهێنن و نەخۆشەکە خۆی پێ بشوات، بەئیزنی خوای گەورە شیفای دێت، بەڵام ئەگەر نەیزانی کەسی (عائن) کێیە، ئەوا زۆر دوعا بکات و داوا لەخوای گەورە بکات کەوا شیفای بدات چونکە شیفا تەنها بەدەستی ئەوە، وە ڕوقیە لەسەر خۆی بخوێنێت بەو زیکرانەی کەوا لە فەرموودە ڕاستەکاندا هاتوون لە پێغەمبەری خواوە صلى الله علیه وسلم، هەروەک لە فەرموودەیەکدا هاتووە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ئامۆژگاری عثمانی کوڕی ئەبی العاصی کرد، کە ئازارێک لە جەستەی هەبوو پێی فەرموو: دەست بخەرە سەر ئەو شوێنەی کەوا ئازاری هەیە لەجەستەت و سێ جار بڵێ ((بِاسْمِ اللَّهِ)) پاشان حەوت جار بڵێ ((أَعُوذُ بِاللَّهِ وَقُدْرَتِهِ مِنْ شَرِّ مَا أَجِدُ وَأُحَاذِرُ))(أخرجه مسلم: ٢٢٠٢).
وە سێ مەرج هەیە لە ڕوقیەی شەرعی دا پێویستە ڕەچاو بکرێت:
یەکەم: پێویستە ڕوقیەکە وتەی خوای پەروەردگار بێت، وە ناو و سیفاتە بەرزەکانی، وە بە پاڕانەوە مەشروعەکان بێت.
دووەم: واباشە بە زمانی عەرەبی بێت، چونکە دەربڕینەکان ڕوونترن، وە نابێت بە تەڵەسم و هەڵواسینی نوشتە و هاوشێوەی نوشتە بێت(1).
سێیەم: پێویستە ئەو کەسەی ڕوقیەی بەسەردا دەخوێندرێت بیروباوەڕی وابێت کەوا خوای گەورە لەڕێگەی ئەو ڕوقیەیەوە شیفای دەدات، نەک خودی ڕوقیەکە شیفا بێت، چونکە شیفا بەدەستی خوای گەورەیە، نەک بەدەستی ئەو کەسەی ڕوقیە دەخوێنێت.
داواکارم لە خوای گەورە هەموو لایەک سەلامەت و پارێزراو بکات لە چاوی چاو پیسان و لە حەسودی حەسودەکان، اللهم آمین یا رب العالمین.

-------------------------
(1) پێویستە ئاگادار بین ڕوقیەی چاوەزار بە خوێندن دەبێت، نەک بەنوسین بەشێوەی نوشتە و هەڵواسینی یاخود هەڵواسینی مروە شینکە ناڵی گوێدرێژ ـ حاشاکم ـ  هتد، چونکە ئەمە شەریک بۆ خوا بڕیاردانە، پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم : ((مَنْ عَلَّقَ تَمِيمَةً فَقَدْ أَشْرَكَ)) واتە: (هەركەسێك ( نوشتەیەك یان موروویەك یان پەڕۆیەك یان هەرشتێكی تر بە مەبەستی شیفاو پارێزگاری ) هەڵبواسێت ئەوە بە دڵنیاییەیەوە شەریكی بۆ خوای گەورە داناوە).

 1920
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی