بەرهەمی نوسراو

ڕەمەزان فێری چی کردین؟

ڕەمەزانیش وەک گشت ساتەکانی تر ڕۆیشت و  ماڵئاوایی لێکردین، وەک خوای گەورە فەرمووی: [أَيَّامًا مَعْدُودَاتٍ] (البقرة 184)، واتە: (مانگی ڕەمەزان چەند ڕۆژێكی دیاریكراوە "29 یان 30 رۆژە")، کات و ساتەکان هەمووی دەڕوات بەڵام ئایا چی فێر دەبین لە ڕۆیشتنی کات و ساتەکان، یاخود بڵێین ئایا ڕەمەزان فێری چی کردین؟ 
یەکەم: صەبر و ئارامگری: صەبر گرتن لەسەر ئەنجامدانی عیبادەتەکان، وە صەبر گرتن لەسەر خۆپاراستن لە تاوان و خراپەکاری، ڕەمەزان مانگی صەبر و ئارامییە، پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: ((صَوْمُ شَهْرِ الصَّبْرِ، وَثَلَاثَةُ أَيَّامٍ مِنْ كُلِّ شَهْرٍ، صَوْمُ الدَّهْرِ كُلِّهِ))(1) واتە: (بەڕۆژوو بوونی مانگی ئارامگری ـ مەبەست پێی مانگی ڕەمەزانە ـ وە سێ ڕۆژ لەهەموو مانگێک، وەک بەڕۆژوو بوونی هەموو ساڵەکەیە)، کەواتە ڕەمەزانی فێری کردین کەوا صەبر بگرین لەسەر وازهێنان لە حەڵاڵەکان وەک خواردن و خواردنە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەرمان دەتوانین و ئاسانە واز لە حەڕامیش بهێنین.
دووەم: نیەت پاکی و ئیخلاص: نیەت پاکی و ئیخلاص بوون بۆ خوای گەورە لە گرنگترین بەرهەمەکانی ڕەمەزان، ڕەمەزان فێری نیەت پاکی و ئیخلاصی کردین، کەسێک کاتێک بەڕۆژوو دەبێت لەبەرخاتری خوا خۆی دەپارێزێت لە حەڵاڵ و حەرامەکان، لە ئاشکرا و لە نهێنیدا، بەردەوام هەست بەچاودێری کردنی خوای گەورە دەکات، هەروەک خوای گەورە لە فەرموودەیەکی قودسیدا دەفەرمووێت: ((يَتْرُكُ طَعَامَهُ وشَرَابَهُ وشَهْوَتَهُ مِن أجْلِي الصِّيَامُ لِي، وأَنَا أجْزِي به والحَسَنَةُ بعَشْرِ أمْثَالِهَا)) (2) واتە: (واز لەخواردن و خواردنەوە و ئارەزووەکانی دەهێنێ لەبەر ڕۆژووەکەی بۆ من، وە منیش پاداشتی دەدەمەوە هەر چاکەیەک بە دە قات).
سێیەم: بەخشین: رەمەزان فێری دەستکراوەیی بەخشینی کردین، ئاگاداری حاڵی هەژار و دەست کورت  و بێ باوکەکان بووین، هەرچەندە خۆشمان پێویستمان پێی بوو بەڵام دەمانبەخشی، لە هەژاری نەدەترسیان. 
چوارەم: دەتوانین عیبادەت بکەین: ڕەمەزان فێری کردین دەتوانین عیبادەت بکەین، عیبادەت کردن زۆر ئاسانە بەتایبەت شەونوێژ، وە زیکر و یادی خوای گەورە زۆر ئاسانە بەردەوام دەتوانین دەم بەزیکر بین، وە هەروەها فێربووین ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە دەتوانین جوزئێک قورئان بخوێنین، وە فێربووین ئەنجامدانی کاری باش زۆر ئاسانە.
پێنجەم: زمان پاراستن:  ڕەمەزان فێری کردین زمانمان بپارێزین لەغەیبەت و وتەی نەشیاو، فێری کردین دەتوانین لەدوای ڕەمەزانیش زمانمان بپارێزین لە غەیبەت و وتەی نەشیاو.
شەشەم: بەڕۆژوو بوون: ڕەمەزان فێری کردین کە بەڕۆژوو بوونی کارێکی ئاسانە، لەدوای ڕەمەزانیش دەتوانین لە ڕۆژانی (دوو شەممە و پێنج شەممە) لە هەفتەیەکدا، وە هەروەها ڕۆژە سپیەکان (١٣، ١٤، ١٥) مانگە عەرەبیەکان دەتوانین بەڕۆژوو بین.
حەوتەم: پۆشتەیی: ڕەمەزان خوشکانی فێری پۆشتەیی کرد، لە ڕەمەزان فێر بوون کەوا پۆشتەیی کارێکی ئەستەم نییە، بەڵکو کارێکی زۆر ئاسانە دەتوانیت هەر بە پۆشتەیی بمێنیتەوە. 
لە کۆتاییدا 
ڕەمەزان ڕۆیشت بەڵام خوێندنەوە و دیراسەکردنی قورئانی پیرۆز لەگەڵمان ماوە و بەردەوام بین لەقورئان خوێندن، بۆ ئەوەی لەو کەسانە نەبین کە قورئانیان هەجر کردووە.
ڕەمەزان ڕۆیشت بەڵام هەژار و کەم دەرامەت و بێ باوکەکان هەر لەدەور و پشتمانن و لەشارەکەمانن دوای ڕەمەزانیش پێویستیان بەوەیە یارمەتیان بدەین.
ڕەمەزان ڕۆیشت بەڵام عیبادەت کردن هەر بەردەوامە لەگەڵمان پێویستە لەسەرمان بەردەوام بین لە عیبادەت کردن.
ڕەمەزان ڕۆیشت بەڵام نوێژی جەماعەت و بەتایبەت نوێژی بەیانی هەر ماوە پێویستە لەسەرمان بەردەوام بین.
داواکارم لە خوای گەورە لەو کەسانەم بگێڕێت کە خوای گەورە لەم ڕەمەزانەدا گەردنی ئازاد کردوون لە ئاگری جەهەننەم، وە لەئەجرو پاداشتی مانگی ڕەمەزان بێ بەشمان نەکات، عیبادەت و تاعەتی لێ قەبوڵ کردبین، وە هەروەها ڕەمەزان بوبێتە مایەی ئەوەی کە خوای گەورە لەخۆمان ڕازی بکەین.
-------------------
(1) أخرجه: أحمد (10663)، وصححه الشیخ الألباني في (صحيح  الجامع الصغير) (3803).
(2) أخرجه البخاري (1894).
 1103
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی