بەرهەمی نوسراو

سەرفترە، كەی دەدرێت و بەچی دەدرێت؟

زەکاتی سەرفترە واجبە لەسەر هەموو کەسێک جا (گەورە بێت یاخود بچوک، ئازاد بێت یاخود کۆیلە).
عَن ابْنِ عُمَرَ رضي الله عنهما قَالَ ((فَرَضَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ زَكَاةَ الْفِطْرِ مِنْ رَمَضَانَ صَاعًا مِنْ تَمْرٍ، أَوْ صَاعًا مِنْ شَعِيرٍ عَلَى الْعَبْدِ وَالْحُرِّ، وَالذَّكَرِ وَالْأُنْثَى، وَالصَّغِيرِ وَالْكَبِيرِ مِنَ الْمُسْلِمِينَ)) (رواه البخاري:1503، ومسلم: 984). واتە (لە ابن عمر خوای گەورە لەخۆی و باوکی ڕازبێت فەرموویەتی : پێغەمبەری خوا ـ صلی الله علیه وسلم ـ زەکاتی سەرفترەی فەرز کردووە بەبڕی (صاع ) ێک لەخورما یان (صاع)ێک لەجۆ لەسەر بەندە و ئازاد و نێرو مێ و بچووک و گەورەی موسڵمان). زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێت سەرفترە بە (قوت بلد) خواردنی وڵات و ناوچەکە بدرێت، ئەمەش کۆدەنگی زانایانی لەسەر لەوانە (مالکی، شافیعی، پێشەوا أحمد،  ابن تەیمیە، ابن القیم، ابن باز، وابن عثیمین) ڕەحمەتی خوایان لێ بێت، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەبو سەعیدی خودری ڕەزای خوای گەورەی لێ بێت دەفەرمووێت: (كنَّا نُخرِجُ إذ كان فينا رسولُ الله صلَّى الله عليه وسلَّم زكاةَ الفِطرِ عَن كلِّ صغيرٍ وكبيرٍ، حرٍّ أو مملوكٍ، صاعًا(١) من طعامٍ، أو صاعًا من أقِطٍ، أو صاعًا من شَعير، أو صاعًا من تَمرٍ، أو صاعًا مِن زَبيبٍ) (رواه البخاري (1506)، ومسلم (985)، واللفظ له.) واتە: (ئێمە کاتێک پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لەناوماندا بوو ـ لەژیاندا مابوو ـ  زەکاتی فیترمان ـ سەرفترە ـ دەردەکرد بۆ هەموو بچوک و گەورە ئازاد و کۆیلەیەک صاعێک لە خوارن، یان صاعێک لە کەشک، یان صاعێک لە جۆ، یان صاعێک لە خورما، یان صاعێک لە مێوژ)، وە لە  ریوایەتێکی تردا هاتووە دەفەرمووێت: ((کُنَّا نُخرِجُ في عهدِ رَسولِ اللهِ صلَّى الله عليه وسلَّم يومَ الفِطرِ صاعًا مِن طَعامٍ. وقال أبو سعيدٍ: وكان طعامُنا الشَّعيرَ والزَّبيبَ، والأقِطَ والتَّمر) (رواه البخاري :1510) واتە: (ئێمە لەسەردەمی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لەڕۆژی جەژن زەکاتی فیتر ـ سەرفترە ـ دەدا بە صاعێک لە خواردن، ئەبو سەعید دەفەرمووێت: خواردنی ئێمە ئەوکات جۆ و مێووژ و کەشک و خورما بوو).
لەم فەرموودانەی سەرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە:
١. زەکاتی فیتر واجبە لەسەر منداڵ(٢) و گەورە و کۆیلە و ئازاد دەبێت بدرێت.
٢. زەکاتی فیتر ـ سەرفترە ـ بە خواردن دەبێت نەک بە پارە.
٣. زەکاتی فیتر لەڕۆژی جەژن و پێش نوێژی جەژن دەدرێت، زانایان ڕێگەیان داوە تا ڕۆژێک دوو ڕۆژ پێش جەژنیش بدرێت، هەر کەسێک پێش جەژن بیدا ئەوا سەرفترەکەی قبوڵ بووە، وە هەر کەسێک دوای نوێژی جەژن بیدات ئەوا وەک خێرێکە لە خێرەکان و زەکاتی سەرفترەی لەسەر لانەچووە.

--------

(١) بریتییە لە پێوانەی شاری مەدینە، بە کێشانی ئەمڕۆ صاعێک لە برنج: ٢٣٠٠ – ٢٥٠٠ گرام، ئەم پێوانەیە بەپێی جۆری خواردنەکە دەگۆڕێت.
(٢) ئەگەر منداڵێک پێش خۆرئاوا بوونی کۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان لەدایک ببێت ئەوا دەبێت سەرفترەی بۆ بدرێت



 2011
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی