بەرهەمی نوسراو

گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی هۆکاری چوونە بەهەشتە

پەیوەندی خزمایەتی یەکێکە لەو کارانەی کەوا ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر گرنگی پێداوە، بێگومان لەبەر ئەو گرنگیەش پاداشتێکی زۆر هەیە، یەکێک لەو پاداشتانەی کەوا خوای گەورە بۆ ئەو بەندانەی داناوە کەوا پەیوەندی خزمایەتی دەگەیەنن بریتییە لە چوونە بەهەشتەوە، خوای گەورە چەند سیفەتێکی ئەهلی بەهەشت  باس دەکات، لەیەکێک لە سیفەتەکانیان دا دەفەرمووێت: [وَالَّذِينَ يَصِلُونَ مَا أَمَرَ اللَّهُ بِهِ أَنْ يُوصَلَ] (الرعد 21) واتە :( وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ خزمایه‌تى و سیله‌ی ڕه‌حمه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی پێ كردووه‌ ئه‌وان ده‌یگه‌یه‌نن و جێبه‌جێی ئه‌كه‌ن)، وە هەروەها پێغەمبەری ئازیز صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: ((يَا أَيُّهَا النَّاسُ أَفْشُوا السَّلَامَ، وَأَطْعِمُوا الطَّعَامَ، وَصِلُوا الْأَرْحَامَ، وَصَلُّوا بِاللَّيْلِ، وَالنَّاسُ نِيَامٌ، تَدْخُلُوا الْجَنَّةَ بِسَلَامٍ))(1) واتە: (ئەی خەڵکینە، سەلام بڵاو بکەنەوە لەناو خۆتاندا ـ واتە سەلام لەیەکتری بکەن ـ، وە خواردن ببەخشن بە هەژاران، وە پەیوەندی خزمایەتی بگەیەنن، وە نوێژ بکەن لەو کاتەی خەڵکی خەوتوون ـ واتە شەو نوێژ بکەن ـ ، وە بچنە بەهەشتەوە بە سەلامەتی)، وە هەروەها ئەبو ئەیوبی ئەنصاری خوای گەورە لێی ڕازی بێت فەرمووی بە  پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم: ئەی پێغەمبەری خودا كارێكم نیشانبدە كە پێی بچمە بەهەشت وە دور بكەومەوە لەدۆزەخ، پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرمووی: ((تَعْبُدُ اللَّهَ لاَ تُشْرِكُ بِهِ شَيْئًا، وَتُقِيمُ الصَّلاَةَ، وَتُؤْتِي الزَّكَاةَ، وَتَصِلُ الرَّحِمَ))(2) واتە: (خودا بپەرستەو شەریک و هاوتای بۆ بڕیارمەدە،وە نوێژ بکە، وە زەکاتی ماڵەکەت بدە، وە هەروەها پەیوەندی خزمایەتی بگەیەنە)، کەواتە لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی هۆکارە بۆ چوونە بە هەشت.

------------
(1) أخرجه: ابن ماجه (٣٢٥١)، وصححه الشیخ الألباني في (صحيح الجامع الصغير) (2959).
(2) أخرجه: البخاري (5983)


 901
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی