بەرهەمی نوسراو

مەرجەکانی پۆشاکی ئافرەتان

باڵا پۆشی یەکێکە لەو کارانەی کەوا خوای گەورە ئەمری بە ئافرەتانی موسڵمان کردووە کە خۆیان پۆشتە بکەن و جل و بەرگی شەرعی بپۆشیت، هەڵبەتە ئەو خوایەی کە ئافرەتی بەو جۆرە دروست کردووە خۆشی باشتر دەزانێ چی گونجاوە بۆ ئافرەت وە چیش بۆ نەگونجاوە و خراپە، وەهەروەها بەرژەوەندی قیامەت و دنیایان لەچیدایە، هیچ کەسێک نییە بە وێنەی خوا شارەزا بێت وەهیچ کەسێک نییە بە وێنەی خوا بە بەزەیی بێت، وە دادپەروەر بێت هەر کەسێک هەر یاساو ڕێباز وڕێچکەو بۆچوونێک لەخۆیەوە بسەپێنێت بەسەر دەقە شەرعیەکانی قورئان وە سووننەت بەڕاستی هەڵەیە و هەر بۆ خۆی باشە ئەگەرنا بیەوێت هەواو ئارەزووی خۆی تێر بکات لەسەر حسابی خەڵکی بەڵام کەس بەرامبەر ئەو هیچی لێ نەکرێت، ئەمە شتێکی قبوڵ نییە لەلایەن هیچ کەسێکەوە، زانایان کۆمەڵێک مەرجیان داناوە بۆ پۆشاکی ئافرەتان، بێگومان ئەم مەرجانەش هەڵقوڵاوی قورئان سوننەتەکانی پێغەمبەری خوایە صلى الله علیه وسلم لەم مەرجانە:
1.پێویستە هەموو لاشە دابپۆشێت:  خوای گەورە و باڵا دەست بە پێغەمبەر صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت:[ يَاأَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاءِ الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ]  (الاحزاب: 28)، واتە: (ئەی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم بە خێزانەكانت و كچەكانت و خێزانی باوەڕداران بڵێ با جلباب و لەچك و پۆشاكەكانیان شۆڕ بكەنەوە تا هەموو لەشیان بگرێتەوەو جوانی خۆیان دەرنەخەن و سینگ و ملیان دابپۆشن). 
2.نابێت سەرنج ڕاکێش بێت: خوای گەورە دەفەرمووێت:[ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ] (النور:٣١)، واتە: (وە با جوانی خۆیان دەرنەخەن)، چونکە هەندێک جار ئافرەت بەپۆشاکەکەیەوە زۆر جوانترە.
3.نابێت تەنک بێت: پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: دوو تاقم لە خەڵکی ئەهلی ئاگرن من نەمبینیون، یەکێک لەوانە ((وَنِسَاءٌ كَاسِيَاتٌ عَارِيَاتٌ))(1) واتە: (ئافرەتانێک جلیان لەبەرە بەڵام ڕووتن)، واتە پۆشاکەکانیان تەنکە و هەموو جەستەی دیارە لێوەی.
4.تەسک نەبێت: ئوسامەی کوڕی زەید دەفەرمووێت: ((كَسَانِي رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قُبْطِيَّةً كَثِيفَةً مِمَّا أَهْدَاهَا لَهُ دِحْيَةُ الْكَلْبِيُّ، فَكَسَوْتُهَا امْرَأَتِي فَقَالَ: «مَا لَكَ لَمْ تَلْبَسِ الْقُبْطِيَّةَ(2)» قُلْتُ: كَسَوْتُهَا امْرَأَتِي. فَقَالَ: «مُرْهَا فَلْتَجْعَلْ تَحْتَهَا غِلَالَةً، فَإِنِّي أَخَافُ أَنْ تَصِفَ عِظَامَهَا))(3) واتە: (پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم  پۆشاکێکی ھەدیەکردم کەخۆی بەھەدیە پێی درابوو لەلایەن  (دەحیەی کلبی )  منیش ھەدیەی خێزانمم کرد رسول اللە فەرمووی بۆ پۆشاکە  ( قبطیە)كەت  لەبەر نەکردووە منیش وتم دام بە خێزانەکەم وەفەرمووی پێم  فەرمان بکە بە خێزانەکەت  کەلەژیرەوەی شتێک بپۆشێت چونکەدەترسم قەبارەی جەستەی دەربخات).
5.نابێت بۆندار بێت: پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: ((أَيُّمَا امْرَأَةٍ اسْتَعْطَرَتْ فَمَرَّتْ عَلَى قَوْمٍ لِيَجِدُوا مِنْ رِيحِهَا فَهِيَ زَانِيَةٌ))(4) واتە: (هه‌ر ئافره‌تێك خۆی بۆن خۆش بكات، پاشان تێپه‌ڕبێ به‌لاى كۆمه‌ڵێك دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ بۆنه‌كه‌ى بكه‌ن، ئه‌وا ئه‌و ئافره‌ته‌ زیناكاره).
6.نابێت لە پۆشاکی پیاوان بچێت: ئەبو هوڕەیرە خوای گەورە لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: ((أَنَّ رَسُولَ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَعَنَ الرَّجُلَ يَلْبَسُ لُبْسَةَ الْمَرْأَةِ، وَالْمَرْأَةَ تَلْبَسُ لُبْسَةَ الرَّجُلِ))(5) واتە: (پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم لەعنەتی کردووە لەو پیاوانەی جلی ئافرەتان لەبەر دەکەن، وە لەو ئافرەتانەش کەوا جلی پیاوان لەبەر دەکەن).
7.نابێت ئەو پۆشاکە لە پۆشاکی ئافرەتی بێ باوەڕان بچێت: عبداللەی عەمری کوری عاص دەفەرمووێت: ((أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ رَآهُ وَعَلَيْهِ ثَوْبَانِ مُعَصْفَرَانِ، فَقَالَ: " هَذِهِ ثِيَابُ الْكُفَّارِ، فَلَا تَلْبَسْهَا))(6) واتە: (پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دوو پۆشاکی بینی کەوا گوڵی زەردی لەسەر بوو، فەرمووی: ئەمانە پۆشاکی کافرەکانن، مەیان پۆشن). كەواتە پۆشینی جلی کافر و بێ باوەڕەکان بەهیچ شێوەیەک دروست نییە بپۆشرێت لەلایەن پیاوان و ئافرەتانی موسڵمانانەوە.
8.نابێت پۆشاکێکی بێ وێنە و گرانبەها بێت: پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: ((مَنْ لَبِسَ ثَوْبَ شُهْرَةٍ فِي الدُّنْيَا، أَلْبَسَهُ اللهُ ثَوْبَ مَذَلَّةٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ))(7) واتە: (هەر کەسێک لەدونیا پۆشاکێک بۆ  ناو و ناوبانگ بپۆشێت،   ئەوا خوای گەورە لە ڕۆژی دوایی دا پۆشاکی زەلیلی دەکاتە بەری).
9.نابێت خاچ و نیشانەی بت پەرستی لەسەر بێت: پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم ((لَمْ يَكُنْ يَتْرُكُ فِي بَيْتِهِ شَيْئًا فِيهِ تَصَالِيبُ إِلَّا نَقَضَهُ))(8) واتە: (هەرگیز نەبووە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم شتێک لە ماڵەکەی دا هەبێت کەوا صەلیبی لەسەر بووبێت، یەکسەر پارچە پارچەی کردووە). لە فەرموودەیەکی تردا دایکی ئیمانداران ئەفەرمێت:(( إِنَّا لَا نَلْبَسُ الثِّيَابَ الَّتِي فِيهَا الصَّلِيبُ))(9) واتە :( ئێمە جل و بەرگێک ناپۆشین کەوا صەلیبی لەسەر بێت)، کەواتە  دەبێـت زۆر وریا بین، پۆشاکێکیش نەپۆشین کە جۆرە نوسراوێکی لەسەرە مانای خراپ دەدات.
10.نابێت وێنەی گیانلەبەری لەسەر بێت: پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: ((لَا تَدْخُلُ الْمَلَائِكَةُ بَيْتًا فِيهِ كَلْبٌ وَلَا صُورَةُ))(10) واتە: ( فریشتەکان ناچنە ماڵێکەوە کەوا سەگ و وێنەی تێدا بێت) کەواتە هەبوونی وێنە لەماڵدا دەبێتە هۆی ئەوەی کەوا فریشتەکان نەچنە ئەو ماڵەوە، جیاوازی نییە وێنەکە لە قاپ و قاچاخدا بێت، یان لە پەردە و جل و بەرگ و هەر شتێکی تر بێت، تاوانی ئەمەش لە ئەستۆی ئەو بازرگانانەیە کەوا ئەم جۆرە کەل و پەلانە دەهێننە وڵاتی موسڵمانانەوە و بە موسڵمانانی دەفرۆشن.

 

------------------

(1) أخرجه: مسلم (2128).
(2) الْقُبْطِيَّةَ :جۆرە پۆشاکێکی نەرم و تەنکە بەجۆرێک قەبارەی لاشە دەردەخات.
(3) أخرجه: أحمد (٢١٧٨٨).
(4) أخرجه: النسائي (5126)، وابن خزيمة (1681).
(5) أخرجه: أحمد (٨٣٠٩)، صححه الشیخ الألباني في (صحيح الجامع الصغير) (5095).
(6) أخرجه: أحمد (٦٩٧٢).
(7) أخرجه: أحمد (5664).
(8) أخرجه: البخاري (5952).
(9) أخرجه ابن أبي شيبة (24796).
(10) أخرجه: البخاري (3225).

 

 2480
سەرەکی   |    دەربارە   |    پەیوەندی