سیواک کردن لەکاتی بەڕۆژوو بوون
سیواک کردن یەکێکە لەو کارە سوننەتانەی کەوا پێغەمبەری خو صلى الله علیه وسلم زۆر گرنگی پێداوە، جیاوازی نەکردووە لەکاتی بەڕۆژوو بوون لەکاتەکانی تر.
سیواک کردن لە کاتی بەڕۆژوو بوون ئاساییە، و هیچ کاریگەری لەسەر ڕۆژوو نابێت، چونکە زانایان كۆكن لەسەر ئەوەى كە سیواك هەتا نیوەڕۆ كێشەى نیە، تەنها ئیمامى شافعى وهەندێكى تر خودا لێیان ڕازى بێت لەدواى نیوەڕۆوە باش نیە كەپشت دەبەستن بەدوو فەرموودە كە هەردووكیان لاوازن ناكرێنە بەڵگە، بەڵام سەرجەم زانایانى ئیسلام ئیمامى أبو حنیفە وئیمامى مالك وئیمامى أحمد وابن تیمیە وئیمامى شەوكانى وئەوانى تر دەفەرموون جیاواز نیە لە هەرکاتێک بەكاربهێنرێت، چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دواى لێكردووین لەكاتى نوێژ ودەستنوێژدا سیواک بکەین، وە هەروەها پەیوەندى بەوەوە نیە بەڕۆژوو بین یان نا هەموو كات پێویستە بەكارى بهێنین، عامرى كوڕى ڕەبیعە ڕەزای خوای گەورەی لێ بێت دەفەرموێت: ((رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مَا لَا أُحْصِي يَسْتَاكُ وَهُوَ صَائِمٌ))(1) واتە: (پێغەمبەری خوام صلى الله علیه وسلم بینی سیواکی دەکرد لە ژماردن نەدەهات، لەکاتێکدا بەڕۆژووش بوو)، وە هەروەها ابن عمر ڕەزای خوای گەورە لەخۆی و باوکی بێت لە سەرەتاى ڕۆژ كۆتایى ڕۆژ سیواكى بەكار دەهێنا، لە ئەثەرێکدا هاتووە کە عبدالرحمن كوڕى غەنەم دەفەرموێت چوومە خزمەت معاذی کوڕی جەبەل ووتم ئایە سیواك بەكاربهێنم كاتێك من بەڕۆژووم فەرمووى بەڵى ووتم پێش نیوەڕۆ یان دواى نیوەڕۆ فەرمووى هەركاتێك پێتخۆشبوو، ووتم ئەى هەندێك پێیان ناخۆشە، دەڵێن بۆنى بەڕۆژوو بوونى مرۆڤ ناهێڵێت کە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: ((لخلُفَ فمَ صائمِ يطيبُ عندالله يوم القيامةِ ريح المِسِك))، فەرمووى: سبحان الله ئەو پێغەمبەرەى ئەم سیواكەى بە پێویست لەسەر داناوین خۆى باش دەزانێت كەسیواك بۆنى ڕۆژوو بنبڕ ناكات وە هەرگیز پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم بێدەنگ نەبووە لەئاستى ئەوەى تۆ دەمت بە بۆگەنى بهێڵێتەوە، هەرگیز خێر وچاكە لەوەدانیە، بەڵکو خێر وچاكە لەوەدایە تۆدەمت بۆن خۆش ڕابگریت(2)، کەواتە لەکاتی بەڕۆژوو بوون ئاساییە سیواک بەکاربهێنرێت لە هەر کاتێکدا بێت، بەیانی یاخود نیوەڕۆ، یاخود عەسر، والله أعلم.
-------------
(1) أخرجه: ابن خزیمة (٢٠٠٧).
(2) أخرجه: الطبراني في (مسند الشاميين)(2250)، وقال الألباني اسناده جيد في (إرواء الغليل)(67).
|